مرۆڤدۆستی بناغەی کۆمەڵگایەکی تەندروست و ڕێگای پێشکەوتنی مرۆڤە. هەرچەند بەربەستی زۆر لەسەر ئەو ڕێگایە هەیە، بەڵام ئەگەر بەهای مرۆڤ بۆ مرۆڤایەتی ئەو بگەڕێتەوە، هیوایەک بۆ سازکردنی جیهانێکی دادپەروەرانەتر و مرۆییتر دەمێنیت. بەبۆنەی ۲۸ی گەلاوێژ، ڕۆژی جیهانی مرۆڤدۆستی، وتووێژێکی کورتمان لەگەڵ جەلیل بەهرامینیا، چالاکوانی کولتووری و ئایینی، سەبارەت بە پێگە و گرینگی مرۆڤدۆستی لە کۆمەڵگای ئەمڕۆدا پێک هێناوە کە پێشکەشتان دەکەین.
عەلی عەبدوڵڵاهیخاە
پ. گرینگی مرۆڤدۆستی لە کۆمەڵگادا چیە؟
ج. وێڕای سڵاو و ڕێز بۆ ئێوە و خوێنەرانی هێژا. پێزانینم هەیە بۆ دەرفەتی وتووێژێکی کە سەبارەت بەو تەوەرە بەنرخەی "مرۆڤدۆستی" ڕەخساندووتانە.
مرۆڤدۆستی و ڕێز لە مرۆڤ، بەرهەمی پشکوتنی کەسایەتی کەسەکان و بنەما و بنچینەی کولتوورێکی تەندروست و چێکردنی پێشکەوتنە لە کۆمەڵگادا. هەروەک زانای گەورە ئیقباڵ لاهووری دەڵێ: «آدمیت احترام آدمی / باخبر شو از مقام آدمی». هیچ کولتوور و شارستانییەتێک بەبێ تێگەیشتن لە بەهای مرۆڤایەتی و گەورەیی خزمەت بەو، گەشە ناکات.
پ. مرۆڤدۆستی چۆن یارمەتی بە پەرەدانی ئاشتەوایی و هێمنایەتی دەدا؟
ج. خۆشویستنی مرۆڤ، پاڵنەرێکە بۆ ڕێزگرتنی مرۆڤەکان. کاتێک کە مرۆڤ بەهۆی مرۆڤایەتیی خۆی -نەک بەهۆی شوناسی دەرهێنراوی- شیاوی ڕێزگرتن هەژمار بکرێت، ئەو ڕوانگەیە یارمەتیدەری وەدیهاتنی کولتووری ئاشتەوایی و هێمنایەتی دەبێ. لە یەکەمیندانانی مرۆڤ و پێکەوەژیانی دادپەروەرانە لەگەڵ کەسانی تر، ژێربەنای دەروونی و کۆمەڵایەتی ئاشتەوایی ڕاستەقینەیە.
پ. ڕێگاکانی بەشداری لە چالاکییەکانی مرۆڤدۆستانە کامەن؟
ج. بنەمای مرۆڤدۆستی لە باوەڕ بە ڕێزداری مرۆڤ دایە. بەو پێیە هەرکەسێک دەتوانی بە وتەیەک، پارەیەک، وشەیەک و کردەوەیەک لەو ڕێگایەدا هەنگاو هەڵێنیتەوە. تەنانەت لە چوکترین کۆمەڵیش واتە بنەماڵە، ڕێز و خزمەتی بەرامبەرانە دەکرێ ببێتە سەرەتای مرۆڤدۆستی. هەروەک پێغەمبەری ئیسلام ﷺ دەفەرموێت: درێغی لە چاکە مەکەن، تەنانەت لەقەدەر ڕووگەشیی لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خەڵکیش دابێ.
داهاتووی مرۆڤدۆستی لە دونیای ئەمڕۆدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
هەرچەند مرۆڤ لە بواری تێکنۆلۆژی و کۆنتڕۆڵی سروشت بەشێوەیەکی بەرچاو پێشکەوتنی هەبووە، بەڵام لە کۆنتڕۆڵکردنی دەمارگیری، هێز و بەرژەوەندیی کەسێنیدا زۆر سەرکەوتوو نەبووە. دەسەڵاتی پارە و ستەم و پێکهاتەی نادادپەروەرانەی جیهانی، وەدیهاتنی بەها مرۆییەکانی تووشی بەربەست کردووە. هەربۆیە هیوایەکی ئەوتۆیێ بە دوورنواڕی داهاتووی مرۆڤدۆستی نییە.
پ. گرینگترین کێشەکانی ڕووبەڕووی مرۆڤدۆستی لەم سەردەمەدا چییە؟
ج. هەژاری، لووتبەرزیی شارستانییە، دەمارگیریی جۆراوجۆر، فێرکاریی بێزارکەرانە، ڕێساکانی نادادپەروەرانەی نێونەتەوەیی وەک مافی ڤیتۆ و گرێدانی کەرامەتی مرۆیی بە بابەتە دەرهێنراوەکان، گرینگترین بەربەستەکانی بەرەوڕووی مرۆڤدۆستی هەژمار دەکرێن.

بۆچوونهکان